فەرھەنگە زانستییەکانی ساڵانی ڕابردوومان ( ١٩٩٢، ٢٠٠٥ و ٢٠١٦ ) زنجیرە ھەنگاوێکی نەخشەبۆکێشراوی بێوێنەن بۆ پێکھێنانی پردێکی کولتوری لە ڕێی زمانی ئەڵمانییەوە لە نێوان کوردستان و ئەوروپادا بۆ گەیاندنی بەرھەمی عەقڵی کورد بە ئەوروپا ( کارەکانیش بۆ ئەو کورد و ئەڵمانانەن، کە دەیانویست و دەیانەوێ لێھاتوووانە خۆیان لە ئاوێنەی ھەردوو زمانەکەدا ببیننەوە. )
ئەم فەرھەنگۆکە نوێیە یاریدەدەرێکە بۆ کورد و ئەڵمان تا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک کار و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەیانی بە ھەردوو زمانەکەپێ بەڕێوە بەرن.
فەرھەنگۆکەکە بەتایبەتی بە نەوەی نوێی پێگەیشتووی کورد لە ئەوروپا پێشکەش کراوە، کە بەداخەوە تا ئێستا بەدەگمەن ڕێی فێربوونی زمانی دایکیان بە شێوەیەکی زانستی بۆ خۆشکراوە. ھیوادارین، ئەم فەرھەنگۆکە لە ھەموو ماڵێکدا بێ و ببێتە دەروازەیەک بۆ نزیککردنەوەی ئەو نەوە نوێیەی کورد لە زمان، نەتەوە و نیشتمانەکەیان.
فەرھەنگۆکەکە بریتییە لە نزیکەی سی ھەزار وشە و زاراوە، کە بابەتەکانی زمانی گفتوگۆ، کولتور، زانستیی پزیشکی، زیندەوەرزانی، ڕووەکزانی، سیاسەت و ئابووری ... لە خۆ گرتوووە. لە شوێنە گونجاو و پێویستەکانیشدا وشە و زاراوەکان بە نموونە بە ڕستە و پەندیپێشینان ڕوونکراونەتەوە.
لەم فەرھەنگۆکەدا ھەردوو جۆرە تیپە کوردییەکە، واتە تیپی عەرەبی-کوردی و تیپی لاتینی-کوردی بەکار ھێنراوە، تا ھەموو کوردێک و منداڵێکی کورد لە توانایدا ببێ بەسانایی بەکاری بھێنێ و سوودی لێببینێ.